تولای حاتەم ئۆغۆللاری باسی لە وردەکارییەکانی دیداری ئیمراڵی کرد
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ گوتویەتی: "مەشغوڵکردن و پەیڕەوکردنی سیاسەتی چاوەڕێکە و ببینە، خراپەیەکی مەزنە دەرهەق بە گەلانی تورکیا".
هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی قسەی کرد و باسی لە ناوەڕۆکی دیدارەکەی ئیمراڵی کرد.
تولای حاتەم ئۆغۆللاری باسی لە دووەمین دیداری ئیمراڵی کرد و گوتی: "پێش هەموو شتێک دەمەوێت سڵاوی بەڕێز ئۆجالان بۆ هەموو هاوڵاتیان بگەیەنم.
بەڕێز ئۆجالان لە دیدارەدا گوتی، "من بەردەوام دەبم لە کارەکانم"، سەبارەت بەو دیدارەی کە ڕای گشتی چاوەڕێی بوو، دەمەوێت چەند بابەتێکی گرنگتان لەگەڵدا باس بکەم کە پەیوەندی بە کۆمەڵگەی تورکیاوە هەیە. بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاند ئەم قۆناغە مێژووییە و قەیرانە نێونەتەوەیی و نەتەوەیی و هەرێمییەکان کەڵەکە بوون. گوتیشی، "لەم سەردەمە قەیراناوییەدا، پەیوەست بە چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیاوە، سەرقاڵکردن و پەیڕەوکردنی سیاسەتی چاوەڕێکە و ببینە، خراپەیەکی مەزنە دەرهەق بە گەلانی تورکیا".
حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ ڕوونە، گوتی: "بەڕێز ئۆڤالان لەم دیدارەدا دووبارە جەختی کردەوە، دەیەوێت پرسەکە لە زەمینەی توندوتیژی و شەڕەوە بگوازێتەوە بۆ سەر زەمینەی سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایی. وەک بەڕێز ئۆجالان لە دوایین دیدار ئاماژەی پێ دەکات، سازان لەم قۆناغە چارەنووسسازانە مێژووییانەدا، هاوکارییەکی گرنگە لە چارەسەری پرسەکاندا.
لە دیداری ٢٢ی کانوونی دووەمدا بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاند کە پرسەکە تەنها لە ڕێگەی یاسای دیموکراتیکەوە چارەسەر دەکرێت و جەختی لە گرنگی ئەم بابەتە کردەوە. دەمەوێت بڵێم بەڕێز ئۆجالان بە تایبەتی باسی ئەم بابەتەی کردووە؛ بەردەوام نیگەرانی سەبارەت بە مانەوە پەیدا دەبێت، ڕەنجی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە سیاسەتی ئەمنیدا بەفیڕۆ دەچێت، هەژاری گەورەتر دەبێت، بێ یاسایی بووەتە دیاردە، ستەمکاری تەشەنەی کردووە، دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان و منداڵان زیادی کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامادەیە پلانێک بۆ دەربازبوون لەم ڕەوشە ئامادە بکات.
بەڕوونی ئاشکرای کردووە، ئامادەیە زەمینەیەک بڕەخسێنێت تاوەکو تورکیا لە هەموو ناڕەحەتییەکان دەربازبکات. بەڵێ ئێمە دەڵێین، لەم قۆناغە مێژووییە گرنگانەدا، پێویستە تورکیا لە ناڕەحەتی و کۆتوبەندەکان ڕزگار بێت. بەڵێ، ئێمە دەڵێین پێویستە تورکیا خۆی لە جەبری سەد ساڵی پێشوو ڕزگاربکات.
بەڕێز ئۆجالان لە دوایین دیدار بە شاندەکەمانی گوت، ئەگەر هەڵوێستی باخچەلی لەگەڵ زیهنیەتی دەوڵەتدا بگونجێنرێت، ئەمە دەبێتە هەنگاوێکی مێژووی کە خزمەت بە ئاشتی دەکات. ئێمە بەتایبەت ئاماژە بەمە دەکەین. پێویستە ئیدی دەسەڵات هەنگاوی ڕوون و جێی متمانە بهاوێژێت. پێویستە ئیرادەیەکی بەهێزی چارەسەر نیشان بدات".
٢٩/١/٢٠٢٥