بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی جەخت لە سەرپێویستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015ی ئێران لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان دەکاتەوە، ئەمەش بە مەبەستی چاودێریکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.
ڕافائیل گرۆسی ڕۆژی دووشەممە، 28ی مانگی هەشت لە لێدوانێکیدا لە دامەزراوەی سوید بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە ستۆکهۆڵم، بە ئاماژەدان بە کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی ئێران لە سەردەمی بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ و کشانەوەی وردە وردەی ئێران لە بەڵێنەکانی، گوتی "هەرچەندە کەس ناتوانێت بڵێت ڕێککەوتنەکە بە تەواوی مردووە و لەناو چووە، بەڵام ئەتوانم بڵێم لە ئێستادا بۆش و بەتاڵە و نە چاودێری لەسەرە و نە هیچ لایەنێک جێبەجێی دەکات."
گرۆسی گوتیشی "ئێران خەریکی پیتاندنی یۆرانیۆمە بە ڕێژەی 60% و ئێمە لە مانگی یەکدا نمونەمان وەرگرتووە و گەردیلەی یۆرانیۆمی 84% مان دۆزیوەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاستی پیتاندنی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمب 90% دەبێت."
گوتیشی " ئێران ئەوەندە یۆرانیۆمی کۆ کردووەتەوە کە بەشی دروستکردنی چەند بۆمبێک بکات، بەڵام دەبێت جەخت لەوە بکەمەوە ئەو وڵاتە چەکی ئەتۆمی نییە و هەبوونی توانای دروستکردنی بۆمب لەگەڵ هەبوونی خوودی بۆمبدا، دوو شتی تەواو جیاوازن لە یەکتر و دەبێت گرنگی بەم خاڵە بدەین".
گرۆسی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا گوتی "ئێمە دەبێت بگەینە خاڵێک کە بتوانین لە ڕێگەی سیستمێکی دیپلۆماسییەوە، دڵنیا ببینەوە لە ئاشتیخوازبوونی چالاکییە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بتوانین پشتڕاستی بکەینەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گوتی "ئەگەر لە ڕوانگەیەکی فراوانترەوە سەیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، وڵاتانێک هەن ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەگەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە شێوەیەک بەرەوپێش بچێت کە بەلای ئەوانەوە قبوڵکراو نەبێت، ئەوا ڕێوشوێنی دیکە دەگرنەبەر."
گوتیشی "هەموو ئەمانە پیشاندەری پێویستبوونی دەستپێکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 یان هەر ڕێککەوتنێکی دیکەیە کە ڕێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی بدات چاودێری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکات."
گڕۆسی گوتیشی "هیچ کەسێک دژی خواستی ئێرانییەکان نییە بۆ پیتاندن، بەڵام ئەگەر بیانەوێت لەم ئاستەدا پیتاندن بکەن، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دڵنیا بکەنەوە کە دەیانەوێت بەو یۆرانیۆمی پیتێنراویان چی بکەن و بۆ چییان دەبێت."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی ئیسرائیل بە میدیاکانی وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە ئەگەر ئاستی پیتاندنی ئێران بگاتە 90%، ئەوا ڕێوشوێنی سەربازی لە دژی بەرنامە ناوکییەکانی ئێران دەگیرێتەبەر.
گرۆسی هەروەها باسی لە دانوستانە بەردەوامەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە کەمکردنەوەی گرژیەکان کرد و هیوای خۆی بۆ بەردەوامبوونی ئەو دانوستانەنە و هاوکارییەکان دەربڕی.
ماڵپەڕی هەواڵی بلومبێرگ چەند ڕۆژ پێش ئیستا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە دوای چەند مانگێک لە "دیپلۆماسی پشت پەردە"ی نێوان حکومەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمەریکا، نەک تەنها لە ئاڵوگۆڕی زیندانیان و کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە، بەڵکو پێدەچێت هەردوو وڵات لە سەر ڕێککەوتنێکی نەنووسراویش سەبارەت بە "هەناردەکردنی نەوت" ڕێککەوتبێتن.
30/8/2023