پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا باسی لەو ئۆپەراسیۆنە کرد کە تورکیا لە هەرێمی کوردستان دژی پەکەکە دەستیپێکردووە. هەروەها رەخنەی لە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنیش گرت.
پەروین بوڵدان رووی دەمی لە ئاکپارتی کرد و گوتی: "ئێوە لە هەوڵی ئاشتەوایی ئێمە نیگەرانن و ئەمە دەبینین، بەڵام وازناهێنین". هەروەها باسی لە دۆخی ئابووریی تورکیا کرد و رایگەیاند، بەپێی ئامارەکان لە هەر سێ کەس دووانیان پێیانوایە لە ئاییندەدا گەندەڵی لە تورکیادا زیاتر دەبێت.
بوڵدان لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە گوتی، هەفتەی رابردوو ئەندامانی بەشی یاسایی پارتەکە بەرگرینامەی پێویستیان بەرزکردووەتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە ناوی چڕنووک - قوفڵ لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.
رۆژی دووشەممە 25-4-2022 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەیان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی، وەک خۆی دەڵێت، هەڕەشەی پەکەکە بۆسەر وڵاتەکەی ناهێڵێت.
ئەردۆغان لەبارەی سنووربەزێنیی سەربازانی وڵاتەکەی گوتی، ئامانجیان رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی تەواوەتی پەکەکەیە و گوتیشی: "ئەم ئۆپەراسیۆنەی دواییش هاوشێوەی ئەوانی دیکە گونجاوە و لە چوارچێوەی رێککەوتننامە دووقۆڵییەکانی دراوسێکانمان و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەبرێت".
26/4/2022