بەڕێوەبەری ناحیەی زیلکان رایگەیاند، کاژێر 19:50ی ئێوارەی ئەمڕۆ، بنکەی سەربازیی تورکیا لە ناحیەی زیلکان بۆردوومانکراوە.
ئەمشەو 24-04-2022 بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە زیلکان مووشەکباران کرا. لەبارەی ژمارەی مووشەکەکانەوە محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری ناحیەی زیلکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێنج مووشەک ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکە کراون، بەڵام هیچ زیانی گیانییان نەبووە.
دژە تیرۆری کوردستان لەو بارەوە رایگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "بە شەش مووشەک هێرش کرایە سەر سەربازگەی زێلکان لە ناحیەی باشیکی سەر بە پارێزگای نەینەوا".
لەبارەی شوێنی مووشەکەکانەوە، دژە تیرۆری کوردستان رایدەگەیێنێت، "سێ لە مووشەکەکان لە نزیک سەربازگەکە کەوتنە خوارەوە کە لە دووڕییانی عومەرقاپچی سەر بە ناحیەی باشیک ئاڕاستە کرابوون، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە".
لە ساڵی 2016 تورکیا هێزێکی لە سەربازگەی زیلکان لە نزیک باشیک جێگیرکرد، هێزەکە پێکدێت لە 250 سەرباز و 150 هەمەر و چەکی دیکەی قورس.
24/4/2022