سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، زوو کۆتایی ھاتنی شەڕی ئۆکراینا، سوودی بۆ ناوچەکە و وڵاتان دەبێت.
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵی میھری ئێرانی، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە میانی وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی، ھەڵسەنگاندنی بۆ شەڕی روسیا-ئۆکرانیا کردووە.
رەئیسی رایگەیاندووە، "ئێران، ھەروەکو رابەری وڵاتەکە (عەلی خامەنەیی) وتوویەتی، لە دژی شەڕدایە. ھەرچەند ئەو شەڕە زوو کۆتایی پێبێت لە بەرژەوەندی ناوچەکە و وڵاتان دایە. بەمشێوەیە ئەو مەترسی، زیان و نەھامەتییەی کە بۆسەر مرۆڤەکان درووست دەبن، کەمدەبێتەوە".
سەرۆککۆماری ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵکی ئۆکرانیا، وەکو خەڵکی ئەفغانستان، یەمەن و عێراق بوونە قوربانیی سیاسەتی ئەمریکا.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە وتارێکیدا لە رۆژی ١ی ئەم مانگە وتی، "ئۆکرانیا، بووە بە قوربانی سیاسەتی درووستکردنی قەیرانەکانی ئەمریکا. لەگەڵ کۆتاییھاتنی شەڕی ئۆکرانیاین، بەڵام چارەسەرکردنی ھەر قەیرانێک دیاریکردنی رەگەکەیەتی. رەگی قەیرانی ئۆکرانیاش، ئەمریکایە".
7/3/2022