هەردوو پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەولێر لە باشووری کوردستان رێککەوتنێکی 16 خاڵییان واژۆکرد، بەشی زۆری رێککەوتنەکە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاری، بەڵام خاڵێکیشی تێدایە لەبارەی پەرەپێدانی هاوکارییەکانیان لەبواری کولتووری و زانستی.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دوای رێککەوتنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەو 16 خاڵە دەبێتە بنەمای رێککەوتنێکی نێوان هەردوو پارێزگا بە ئامانجی خزمەتگەیاندن بە جووڵەی بازرگانی، بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان، هەروەها پەیوەندییەکانی خوێندنی باڵا و ئالوگۆڕی شاندی هونەری و کولتووری."
بەپێی خاڵی دووی رێککەوتنامەى نێوان پارێزگارى هەولێر و ورمێ، پەیوەندییەکانیان لە بوارى گەشتیارى و هاوکارییەکانیان لەبوارى میدیایی، کردنەوەى پێشانگەى بازرگانى، پسپۆڕى، ئاڵوگۆڕى بوارەکانى رۆشنبیرى، کولتوورى، گەشتیارى و وەرزشى فراوان دەکەن و پەرە بە پەیوەندییەکانى نێوان زانکۆکانى هەولێر و ورمێ دەدەن.
لە کۆبوونەوەی نێوان پارێزگارەکانی ورمێ و هەولێردا باسی کردنەوەی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی ورمێش کراوە.
دکتۆر عاتف عەبدوڵڵا فەرهادی، راگری کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر کە لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی دوو پارێزگادا بەشدار بووە دەڵێت، پارێزگاری هەولێر لە سەردانەکەیدا بۆ ورمێ داوای کردنەوەی بەشی زمانی کوردی کردووە لە زانکۆی ئەو شارە. هەروەها دەشڵێت، "لە سەردانی پارێزگاری ورمێ بۆ هەولێر، زانکۆی سەلاحەدین ئامادەیی دەربڕیوە هاوکاری زانکۆی ورمێ بکات بۆ کردنەوەی بەشی زمانی کوردی و ئامادەن کتێب، سەرچاوە و مامۆستای پسپۆڕی زمان و ئەدەبی کوردی بۆ دابینبکەین."
محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ باسی لەوە کرد، "جگە لە نەهێشتنی کۆسپ و کێشەکانی چالاکیی ئابووری و ئاسانکاریکردن لەو بوارە، لە کەرتی پەروەردە و زانکۆشدا، بە لەبەرچاوگرتنی توانای زۆر باش کە لە هەردوو پارێزگای ورمێ و هەولێردا هەیە، ئەمڕۆ رێککەوتین کە سەرۆکی زانکۆکانی دوو پارێزگاکە کۆببنەوە و تاوتوێی بنەماکانی هاوکاری هاوبەش لەنێوانیاندا بکەن."
زانکۆی ورمێ گەورەترین زانکۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە. لە ریزبەندی باشترین زانکۆکانی ئێراندا لە ریزی حەوتەمدایە. 11 کۆلێژ و ناوەندی باڵای پەروەردە و 5 ناوەندی توێژینەوەی هەیە و 12 هەزار خوێندکاری هەیە. پێشتر لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان چەندجار داوای کردنەوەی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لەو زانکۆیە کراوە، بەڵام داوکارییەکەی جێبەجێ نەکراوە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەنیا لە زانکۆی سنە، زمانی کوردی بە فەرمی دەخوێندرێت. ساڵی 2015 لەو زانکۆیە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی کرایەوە و لەو کاتەوە زانکۆکە ساڵانە نزیکەی 40 خوێندکار وەردەگرێت
٢٧/٢/٢٠٢٢