سوپای روسیا موشەكی "كالیبر"ی دژی ئۆكرانیا بەكارهێنا و چەند ناوچەیەكی ئەو وڵاتەی پێ بۆردومان كرد، كە بە "موشەكە تۆقێنەرەكە" ناسراوە و موشەكێكی باڵداری وێرانكەرە.
سوپای ئۆكرانیا بڵاویكردووەتەوە، روسیا 3 ناوچەی وڵاتەكەی لە رێگەی موشەكی "كالیبر"ەوە بۆردومان كردووە و موشەكەكانی لە دەریای رەشەوە هەڵداوە.
بەپێی زانیاریەكان، ئەو ناوچانە ستراتیژین و چەند بەندەرێكیان تێدایە كە بەسەر دەریای "ئازوف"دا دەڕوانن كە بەشێكە لە دەریای رەش، لە رێگەیانەوە بڕێكی زۆر گەنم و كانزا بۆ وڵاتانی جیهان دەنێردرێن.
كالیبر كە بە "موشەكە تۆقێنەرەكە" ناسراوە، موشەكێكی باڵدارە و لە رێگەی كەشتییەوە هەڵدەدرێت، دەتوانێت لە دووری هەزار و 500 بۆ 2 هەزار و 500 كیلۆمەتر ئامانج بپێكێت و خێراییەكەی 900 كیلۆمەترە لە كاتژمێرێكدا و بە یەكێك لە چەكە لەناوبەرەكانی روسیا ناودەبرێت و توانای هەڵگرتنی كڵاوەیەكی 500 كیلۆگرامی هەیە.
27/2/2022