شەڕ و پێکدادانەکان لە ئەفغانستان بەردەوامن و بەرپرسانی ئەفغانی دەڵێن هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکە بەرپەرچی هەندێک لە پێشڕەوییەکانی تاڵیبانیان داوەتەوە.
لە دوای دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان لە 1 ی مانگی پێنجدا، چەکدارانی تاڵیبان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان فراوانترکردووە، زیاتر لە 60 ناوچەیان کۆنتڕۆڵکردووە و زیانێکی گیانی گەورەشیان لە هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان داوە.
نوێنەری تایبەت و بەڕێوبەری ئەرکی یارمەتییەکان لە ئەفغانستان ( یوناما ) دێبرا لایەنس وتی " زۆربەی ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵکراونەتەوە لە دەوروبەری پایتەختی هەرێمەکانن، ئەمەش ئاماژەیەکە لەسەر ئەوەی تاڵیبان دەیەوێت دوای کشانەوەی تەواوەتی هێزە بیانییەکان سەرجەم ئەو پایتەختانە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە."
لایەنس لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا لە نیویۆرک وتی " دەبێت ڕاستییەکە قبوڵ بکەین، زیادبوونی ململانێکان لە ئەفغانستان مانای زیادبوونی ناسەقامگیرییە لە وڵاتانی دیکەش، بە وڵاتانی دوور و نزیکیشەوە."
کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی زیاتر لەلایەن تاڵیبانەوە ترس و نیگەرانییەکانی زیادکردووە سەبارەت بەوەی تاڵیبان دووبارە فەرمانڕەوایی وڵاتەکە بکاتەوە، لەکاتێکدا ئەمەریکا و هاوپەیمانان وابڕیارە تاوەکو 11 ی مانگی نۆ سەرجەم هێزەکانیان لە ئەفغانستان بکشێننەوە.
ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوامە و لەسەر فەرمانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەڕێوەدەچێت.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە کشاندنەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان تەواو دەکەین جگە لەوانەی کە بۆ پاراستنی ئەرکە دیبلۆماتییەکان دەمێننەوە، هەروەها پێش مانگی نۆش تەواو دەبێت."
وتیشی " ئەو دوو شتە جێگیرن و ناگۆڕدرێن."
هەفتەی ڕابردوو سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند زیاتر لە نیوەی هێزەکان کشاونەتەوە.
کیربی وتی، سەرکردە سەربازییەکانی ئەمەریکا بە وردی چاودێری و تاوتوێی ڕەوشی ئەفغانستان دەکەن لە حاڵەتێکدا ئەگەر پێویست بێت " گۆڕانکاری لە خێرایی یاخود ماوە و فراوانی کشانەوەکەدا بکرێت."
وتیشی " ئێمە تاوتوێی کۆمەڵێک بژاردە دەکەین، من ناتوانم لە ئێستادا یەکێک لەو بژاردانە پشتڕاست بکەمەوە، بەڵام، دووبارە دەیڵێمەوە پشتیوانی ئێمە بۆ هێزەکانی ئەفغانستان دوای کشانەوەکە، بەتەواوەتی لەڕووی داراییەوە دەبێت."
بەرپرسانی ئەفغانستان وتیان لەمیانەی شەڕ و پێکدادانەکاندا هێزەکانی ئەفغانستان چەکدارانی تاڵیبانیان لە کۆمەڵێک ناوچە لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمەکانی باڵخ و باخلان و کوندوز دەرکردووە.
وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لێدوانی ئەو بەرپرسانەی ڕەت کردەوە و لە تویتەر نوسیویەتی چەکدارەکانی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی سەرجەم ئەو ناوچانەیان کردۆتەوە کە پێشتر دەستیان بەسەرداگیرابوو.
دانیشتوانی هەرێمی کوندوز ڕۆژی سێشەممە بە دەنگی ئەمەریکایان وت تاڵیبان دەستی گرتووە بەسەر بەندەری شێر خاندا کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئەفغانستان و تاجیکستان و بە شوێنێکی سەرەکی ڕێڕەوی بازرگانی دادەنرێت.
وتەبێژی هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان ئەجمال عومەر شینواری لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابوڵ وتی حکومەتی ئەفغانستان سوور بووە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەرجەم ئەو ناوچانەی تاڵیبان دەستی گرتووە بەسەریاندا.
جێی ئاماژەیە زیاتر لە نیوەی 407 ناوچەکەی 34 هەرێمەکەی ئەفغانستان کۆنتڕۆڵکراون یاخود لەلایەن تاڵیبانەوە لەژێر هەڕەشەدان.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
23/6/2021