کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند: مانگی رابردوو 48 چالاکوانی سیاسی و مەدەنی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان راپۆرتی مانگانەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی راپۆرتەکە شەپۆلی گرتن و دەستبەسەرکردنی چالاکوانان کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەو بەشەی کوردستان بە چڕی دەستیپێکردووە لە مانگی ئایاریشدا بەردەوام بووە و لانیکەم 48 چالاکوانی سیاسی و مەدەنی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.
بە پێی راپۆرتەکە هەر لەو مانگەدا کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران کوژراوە و 18 کۆڵبەریش برینداربوون و زیندانییەکیش لە سێدارە دراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان راشیگەیاندوە، مانگی رابردوو لە رۆژهەڵات حەوت ژن و 15 پیاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و سێ کەسیش بە هۆی تەقینەوە مینەوە کوژراون و نۆ کەسیش بە هەمان هۆکار برینداربوون.
٢/٦/٢٠٢١