بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی قەڵەمی کورد لە وڵاتی ئاڵمان سەحەر موعێزی نووسەر و لێکۆڵەری بواری فۆلکلۆری کوردی بۆ ڕێزلێنان لە هەڵ و ماندووبوونی لە گرد و کۆکردنەوە و نووسینی فەرهەنگێکی بەنرخ و ڕەنگاڵە لە ژێر ناوی “فەرهەنگی ڕەنگ” بە ئەندامی “ناوەندی قەڵەمی کورد” کە لقێکە لە ناوەندی “پێن ئێنترناشناڵی جیهان” وەرگیرا.
ئەو خاتوونە خەمخۆرە بە شەونخۆنی و ماندووبوونی زیاتر لە١١ ساڵ و بەداواداچوون کردنی فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکی لە چوار پارچەی کوردستان توانیویەتی لە بواری “ڕەنگ ناسی” چ وەکوو ناو و چ وەکوو ئەوەی کە کەلتوور و داب و نەریتی کوردەواری هەڵگری چ مانایەکە؟ فەرهەنگێکی سێی زمانە کوردی و فەرانسەویی و ئینگیزی ئامادەی چاپ بکات و، بڕیارە لە داهاتووشدا بەشی سپانیۆلی بەو فەرهەنگە زیاد بکات.
“فەرهەنگی ڕەنگ” هەڵگری زیاتر لە ٣٧ هەزار وشە و ناوی کوردی تایبەت بە ڕەنگە، کە جیا لە چوارپارچەی کوردستان تەنانەت لە بواری دیاردەناسینیش لە زمان و کەلتووری کوردانی نیشتەجێی وڵاتانی میسر و سوودان و ئۆردنیش کە بە ڕەچەڵەک کوردن، ئەگەرچی ئاسمیلەکراون کەڵکی وەرگرتووە و یەکەم فەرهەنگێکە کە نەتەنیا لە ئاستی ئێراندا ، بەڵکوو لە چوارپارچەی کوردستانیش نموونەی فەرهەنگێکی وەهامان نییە کە بەو شێوە بەبەربڵاوی کاری لە سەر ناسین و ناساندنی ڕەنگەکان کردو بێ.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی “فەرهەنگی ڕەنگ” ئەوەیە کە کوردانی ئەرمەنستان و قەفقازیشی فەرامۆش نەکردوەو سەرنجی فەرهەنگ و کەلتووری کوردانی نیشتەجێ ئەو وڵاتانەشی داوە.
“فەرهەنگی ڕەنگ” سەرچاوەیەکی زێڕینە بۆ دەوڵەمەندی زمانی کوردی بەتایبەتی لە ناو و نیشانەی ڕەنگەکان لە بواری سروشت، ئاژەڵداری، دەستچنەکان و کەلەپوورە کوردییەکان، بە گرینگیدانی زیاتر بە فەرهەنگی ناوچەو شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
“فەرهەنگی ڕەنگ” کە بە هەوڵ و ماندوبوونی سەحەر موعێزی ئامادەکراوە، یەکێک لە بەنرخترین و جوانترین دێکشنێرییەکانە کە پێشکەش بە کتێخانەی کوردی دەکرێ و خزمەتێکی گەورەیە لە ناساندنی مێژووی ڕەنگ لە زاگرۆس بەگشتی و “شۆڕشی نئولۆتیک لە زاگرۆس” کە کورد دەستپێشخەری بووە.
شاعیر و فەرهەنگنووس سەحەر موعێزی لە دایکبووی ساڵی ٦٠ی هەتاوی و دانیشتووی شاری سنەیە کە جیا لە “فەرهەنگی ڕەنگ” لەبواری ئەدەبیاتیشدا خاوەنی دوو بەرهەمی شێعری کوردییەو، هەروەها لە بواری ئەدەبی منداڵانیشدا تا ئێستا ١١ بەرهەمی ئێلێکترۆنیکی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان بڵاو کردوتەوە.
ئەو خاتوونە لێهاتوویە لە خەمی جێماوان لە خوێندنیشدا بووەو بە زەحمەتی خۆی ڕێنووسێکی ورد و ئاسانی ئامادە کردووە بۆ ئەوانەی بەهەر هۆکارێک نەیانتوانیوە فێری خوێندن و نووسین بە کوردی بن و هەموو کەسێک، بە بێ جیاوازی تەمەن دەتوانێ کەڵکی لێوەربگرێ.
شیاوی باسە خاوەنی ئەو فەرهەنگە لە هەوڵدایە تا کۆتایی ساڵی ٩٨ ی هەتاوی بەرهەمەکەی بڵاو بکاتەوە
٤/٩/٢٠١٩