لەنێو 50 بیرمەند و زانای جیهانیی بوارە جۆراوجۆرەکان، پرۆفیسۆری کورد کۆچەر بیرکار لەلایەن گۆڤاری پرۆسپێکتی بەریتانییەوە وەک یەکەمین بیرمەندی جیهان بۆ ساڵی 2019 هەڵبژێردرا.
نازناوەکە لەلایەن گۆڤاری پرۆسپێکتەوە بە یەکێک لە بیرمەندە بەناوبانگەکانی جیهان دەبەخشرێت کە بە داهێنانەکانیان کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەو مرۆڤایەتی هەیە.
بیرمەندەکە لەلایەن خەڵکییەوە لەڕێگەی دەنگدانی ئەلیکترۆنی هەڵدەبژێردرێت. لە دەنگدانی ئەمساڵدا، بیرکار توانی زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەنی نازناوی یەکەمین بیرمەندی جیهان.
کۆچەر بیرکار لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت بە گۆڤارەکە رایگەیاند "زۆرینەی خەڵکی پێیانوایە بیرمەند تەنها ئەو کەسانەن لە بواری ئەدەبیدا کاردەکەن و بیرکاریزانەکان بە بیرمەند نازانن، بەڵام لە زمانی کوردیدا بیرکاری بە مانای تەنها ماتماتیک نایەت بەڵکو بە مانای بیرکردنەوە و بیرمەندیش دێت. گەنجەکانی ئێستاش زیاتر دەزانن چی دەگوزەرێت".
کۆچەر بیرکار هەروەها خاوەنی خەڵاتی فیڵدزە لە بواری بیرکاریدا و دکتۆرای شانازی لەلایەن زانکۆی سەلاحەددینەوە پێبەخشراوە.
لە میانی بەشداریکردن لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو لەدوای وەرگرتنی دکتۆرای شانازی، بیرکار رایگەیاند "بیرکاری بابەتێکی وشک نییە وەک ئەوەی خەڵکی ئێمە باسی دەکەن، بەڵکو زانستێکی زۆر بەسوودە و من چێژی لێوەردەگرم، بیرکاری کاریگەری زۆری بەسەر پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە هەیە و ناتوانرێت بێ بیرکاری وڵاتێکی پێشکەوتوو بونیادبنرێت".
سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی فیڵدزیش ئاماژەی بەوە کرد "بەهۆی خەڵاتی فیڵدزەوە خەڵکێکی زۆر کوردیان ناسی و دڵخۆشم کە بوومە هۆی دڵخۆشکردنی کورد، بەڵام پێویستە زانای زۆرترمان لە بوارە جیاوازەکاندا هەبێت".
کۆچەر بیرکار لە ساڵی 1978 لە گوندێکی سەر بە شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، ئێستا پرۆفیسۆرە لە زانکۆی کامبریج و خاوەنی چەندین خەڵاتی زانستیی جیهانییە
٤/٩/٢٠١٩